لاپەڕەی فەرمیی ئینستاگرامی "بێهزاد ڕەحیمی"، نوێنەری خەڵکی شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی، ئەمشەو، دووهەمی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ستۆریەکەوە لە بەرە بەری چلەی ژینا (مەهسا) ئەمینی، بۆ پشتیوانی کردن لە مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خەڵک لە ئێران، هەواڵی دەست لە کار کێشانەوەکەی لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ڕاگەیاند.
لاپەڕەی فەرمیی ئینستاگرامیی بێهزاد ڕەحیمی لەر سەرەتای ئەم ستۆرییەدا، جگە لە مەحکووم کردنی سەرکوتی دڕندانەی ناڕازیان و کوشتنی هاوڵاتیان لە چەند حەوتووی ڕابردوو لە سەرتاسەری شارەکانی ئێراندا، نووسیویەتی: "بۆ پاڵپشتی لە مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خەڵکی ئێران و مەحکووم کردنی کوشتاری هاوڵاتیانی ناڕازی لە لایەن هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانەوە، دەست لە کار کێشانەوەی خۆم لەم مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ڕادەگەیەنم."
لە بەشێکیتری ئەم ستۆرییەی کە لە لاپەڕەی فەرمیی نوێنەری سەقز و بانەدا بڵاو بۆتەوە، جگە لە ڕێزگرتن لە بوێریی بێوێنە لە سەرتاسەری کەشی کۆمەڵگادا بۆ وەدیهێنانی سادەترین و سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ، هاتووە: "ناکرێت نەتەوەیەکی ئازار دیتوو و مەزڵووم بە بیانووی تەجزیەتەڵەبی بدرێتە بەر دەسڕێژی گولە؛ ئەمە هاواری بێبەشکراوی و لەسەر حەق بوونە."
ئەم ستۆرییە کە لە لاپەڕەی فەرمیی ئینستاگرامیی بێهزاد ڕەحیمییەوە بڵاو کراوەتەوە، بەم ڕستە کۆتایی پێ دێت: "زوڵم بە بێدەنگیی ئێمە دەژی."
بڵاو بوونەوەی ئەم ستۆرییە لە لاپەرەی فەرمیی ئینستاگرامیی نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە حاڵێك دایە کە "هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی"، دەسبەجێ هەواڵی دەست لە کار کیشانەوەی بێهزاد ڕەحیمیی ڕەت کردۆتەوە.
بەپێی نووسینی "ئیرنا"، ئینستاگرامی بێهزاد ڕەحیمی هەک کراوە و لە کۆنتڕۆلی خۆیدا نەماوە.
ئیرنا هەروەها لە زمانی ئەم نوێنەرەی مەجلیسەوە دەڵێت: "پەیامی دەست لە کار کێشانەوەی ئەو [بێهزاد ڕەحیمی] لە ستۆریی لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا لە لایەن هەکێرەوە بڵاو کراوەتەوە و ڕاست نییە."
هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بێهزاد ڕەحیمی لە هەوڵدایە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی لاپەڕە ئینستاگرامییەکەی.
تێبینییەکەت بنووسە